پایتەخت

ئیتامار بن گڤیر: ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

ئیتامار بن گڤیر: ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
کورتە

ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی؛ بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل جەخت لە هەڵویستی وڵاتەکەی دەکاتەوە، کە ڕێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ یەکەشەممە، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرکۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش توانای هەیە بۆ ئەم بابەتە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قایل بکات. کە وابڕیارە رۆژی چوارشەممە 11-02-2026 لە واشنتن کۆببنەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە: "ئیسرائیل دەیەوێت دڵنیابێت کە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو تەنیا دۆسیەی ئەتۆمی ناگرێتەوە، بەڵکو هەڕەشە ئەمنییەکانی دیکەی ئێرانیش بۆ سەر ناوچەکە چارەسەر دەکات."

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ شەڕ. "هیچ کەس بۆی نییە پێمان بڵێت چیمان هەبێت و چیمان نەبێت، پیتاندنی یۆرانیۆم مافی خۆمانە."

ڕۆژی هەینی ڕابردوو 6-2-2026، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێران، بەسەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەتی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچوو.

دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکە، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ ڕێککەوتین. نامەوێت پێشوەختە بڕیار بدەم، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەگەر گفتوگۆکانی داهاتوو بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەگەری ڕێککەوتنێکی بنچینەیی بوونی دەبێت."

کەمێک دوای لێدوانەکەی عێراقچی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی ناوچەیی بڵاویکردەوە، دانوستانە 6 کاتژمێرییەکە بە "پەستکردن" کۆتایی هات، دوای ئەوەی ئێران ڕەتی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی ڕابگرێت. کە یەکێک بوون لە خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێشنیارکرابوون.

08 شوبات 2026 11:41
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026