بۆیەکەمجار پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنەکانی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە و سەرەڕای ئەوەی زمانی کوردی بەگوێرەی دەستوور دووەم زمانی فەرمییە لە عێراق، بەڵام ئەمڕۆ بۆیەکەمجار بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە.
پەرلەمانی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی دامەزراندنیدا، بەرنامەی دانیشتنەکەی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و لەمەودوا ئەم هەنگاوە نوێیە، بە شێوەیەکی پراکتیکی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتووی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە دانیشتنەکە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 9-2-2026 بەڕێوەدەچێت و بڕگەکانی کارنامەکە بریتین لە:
1- سوێندخواردنی چەند ئەندامێکی نوێی پەرلەمان.
2-دەنگدان لەسەر پێکهێنانی لێژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.
وەک ئەوەی لە بڕگەکاندا هاتووە، کارنامەی دانیشتنەکەی سبەی دووشەممە هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی تێدا نییە، لە کاتێکدا زۆربەی چاوەڕوانییەکان لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستەن و پرسەکە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان لە ساڵی 2005ـەوە، سەرەڕای ئەوەی زمانی کوردی بەگوێرەی دەستوور دووەم زمانی فەرمییە لە عێراق، بەڵام کارنامەکان تەنیا بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەمەودوا بڕیاری بڵاوکردنەوەی کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەشیوەیەکی پراکتیکی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.