کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە گەرمیان دەکەوێتە کار
لە ئیدارەی گەرمیان بە دانانی کامێراکان هەوڵی سەلامەتی هاووڵاتییان دەدرێت
لە پێناو کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەندرێت، لە ماوەیەکی نزیک ئیدارەی گەرمیان بە دانانی کامێراکان هەوڵی سەلامەتی هاووڵاتییان دەدرێت.
ئەمڕۆ شەممە سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەسەر ڕێگەی سەرەکی کەلار – کفری ئامادەکاری بۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەکرێت کە بە درێژایی 43 کیلۆمەتر کامێراکان جێگیر دەکرێن.
سامان عەلی باس لەوەدەکات، لە هەردوو ئاڕاستەی ڕێگەی کەلار- کفری بە دووری 5 کیلۆمەتر کامێراکان کارا دەبن.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان سەبارەت بە وادەی کاراکردنی کامێراکان ئاشکرای دەکات، بڕیار بوو لە مانگی 3ـی ئەمساڵ پڕۆژەی دانانەکە کۆتایی هاتبا، بەڵام بەهۆی وەرزی زستان نەتواندراوە کارەکان کۆتایی بێت.