پایتەخت

شەرع مێژوویەکی پڕ لە خوێن!

کورتە

شەرع؛ مێژوویەکی پڕ لە خوێن، پیاوە تەمومژاوییەکەی نێو قات و بۆینباخ.. بینەری باسی پایتەخت بە

ئەحمەد شەره‌ع؛ مێژوویەکی پڕ لە خوێن، پیاوە تەمومژاوییەکەی نێوان قات و بۆینباخ، تیرۆرستێک لە بەرگی ڕزگارکەردا

ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆماریی دیمەشقەوە خۆی وەک "سەرۆک" و "سەرکردەی نیشتمانی" نیشان دەدات، هەمان ئەو کەسەیە کە ساڵانێکی زۆرە، جیهان بە ناوی "ئەبو محەمەد جۆلانی" و وەک تیرۆریستێکی داواکراو دەیناسن.

 ئەحمەد شەره‌ع، چیرۆکی پیاوێک کە مێژووەکەی لەسەر بنەمای "بەیعەت شکاندن" و "بەکارهێنانی توندوتیژی" بونیادناوە، تا گەیشتووەتە کورسیی دەسەڵات لە سووریا.

سڵاوتان لێ بێت، من سەفین کوردۆم، لەگەڵم بن، لە باسی پایتەختەوە بەیەکەوە چاوێک بە مێژووی شەرعدا دەخشێنینەوە

١. نەوەی قاعیدە و سەردەمی خوێناوی لە عێراق
ژیانی سیاسی و سەربازی ئەحمەد شەرع، لەناو توندڕەوترین گروپەکانی جیهانەوە دەستی پێکرد. ئەو یەکێک بوو لە قوتابییە دڵسۆزەکانی "ئەبو موسعەب زەرقاوی" لە عێراق. لەوێ فێری ئەوە بوو چۆن ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و تەقینەوە خۆکوژییەکان وەک ئامرازێک بۆ سڵکردنەوەی نەیارەکانی بەکاربهێنێت. ئەو کاتەی لە زیندانی "بۆکا" بوو، نەک تەنها وەک زیندانییەک، بەڵکو وەک پلانداڕێژەرێکی توندڕەو، پەیوەندییە تاریكەکانی لەگەڵ قاعیدە و داعش داڕشت. 

٢- "بەرەی نوسرە": هەناردەکردنی تیرۆر بۆ سوریا
کاتێک لە ساڵی ٢٠١١ ئەحمەد شەرع گەڕایەوە سوریا، نەک بۆ ئازادی گەل، بەڵکو بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی قاعیدە "بەرەی نوسرە"ی دروستکرد. لەژێر فەرمانی ئەودا، سەدان تەقینەوەی خۆکوژی لەناو شارەکاندا ئەنجامدران، کە بوونە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتی بێتاوان. 
ئەو سەردەمە، جۆلانی شانازی بە تەکفیرکردنی کۆمەڵگا و سەپاندنی یاسا توندەکان دەکرد؛ ئەو کاتە هێشتا قات و بۆینباخی نەدەپۆشی، بەڵکو بە دەمامکەوە هەڕەشەی سەربڕینی لە نەیارەکانی دەکرد.

٣. زنجیرەی خیانەتەکان: لە داعشەوە بۆ قاعیدە
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی شەرع، خیانەتە لە هاوپەیمانەکانی.

شەرع، لەگەڵ هاتنی داعشدا، بەیعەتی بە ئەبو بەکر بەغدادی، سەرۆکی داعشدا، دواتر بەیعەتی شکاند و هەڵگەڕایەوە، کاتێک هەستی کرد دەسەڵاتەکەی لە مەترسیدایە.

دوای بەغدادی، شەرع بەیعەتی بە ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی قاعیدە دا، کەچی دوای ئەوەی قاعیدە فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر بوو و بەردەوام هێرشی دەکرایە سەر، شەرع لە زەواهیری هەڵگەڕایەوە و بەیعەتی شکاند. 

ئەم هەنگاوانە و بەیعەت شکاندنانەی شەرع لەبەر گۆڕینی فیکر نەبوون، بەڵکو تەنها بە ئامانجی مانەوە و دوورکەوتنەوە لە لیستی تیرۆر بوو.

٤. ئیدلیب: تاقیگەی چەوساندنەوە
پێش ئەوەی بگاتە دیمەشق، شەره‌ع لە ئیدلیب "دەوڵەتێکی بچووک"ی دروستکرد و لەوێ ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشاندا و لە چەند خاڵێک بۆتانی ڕوون دەکەمەوە.

یەکەم؛ سەرکوتکردنی چاڵاکوانان: هەرکەسێک ڕەخنەی لێ بگرتایە، چارەنووسی زیندانە تاریكەکانی "دەستەی تەحریری شام" دەبوو.

دووەم؛ ئەشکەنجەدان: ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە بوونی ئەشکەنجەی سیستماتیک لە زیندانەکانی شەرعدا دەکەن.

سێیەم؛ قۆرخکاری ئابووری: هەموو سەرچاوە داراییەکانی ئیدلیبی بۆ بەرژەوەندی گروپەکەی خۆی بەکاردەهێنا و خەڵکی لە هەژاریدا دەژیان.

٥. گەمەی گۆڕینی ناو و ڕووخسار  (Rebranding)
لە دوای ساڵی ٢٠٢٠، جۆلانی دەستی کرد بە "سپی کردنەوە"ی مێژووەکەی. ناوی خۆی لە "جۆلانی" گۆڕی بۆ "ئەحمەد شەره‌ع"، جلی سەربازی گۆڕی بۆ قاتی مۆدێرن. دەستی کرد بە چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا ڕۆژئاواییەکان و وەک کەسێکی "میانڕەو" خۆی ناساند. بەڵام ئەمە تەنها گۆڕینی جلوبەرگ بوو؛ سیستمە ئەمنی و هەواڵگرییەکەی هەمان ئەو سیستمە بوو کە لەسەر بنەمای ترس بونیادنرابوو.

٦. گەیشتم بە دیمەشق: سەرۆکێکی نوێ یان دیکتاتۆرێکی نوێ؟

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەحمەد شەرع وەک کەسی یەکەمی سوریا دەرکەوت. ئەو ئێستا لە کورسییەک دانیشتووە کە پێشتر بە خوێنی سورییەکان سوور ببوو. گەورەترین مەترسی ئێستا ئەوەیە کە سوریا لە "دیکتاتۆرییەتێکی عەلمانی (ئەسەد)ەوە بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەتێکی ئایینی-سەربازی.

ئێستا شەرع دەیەوێت، جیهان مێژووەکەی لەناو قاعیدە و داعش و ئیدلیب لەبیر بکات، بەڵام بۆ قوربانییانی دەستی ئەو، "ئەحمەد شەره‌ع" هەر هەمان ئەو "جۆلانی"یە توندڕەوەیە کە تەنها شێوازی قسەکردنی گۆڕیوە.

ئەحمەد شەره‌ع  توانی لە ئەشکەوتەکانەوە بگاتە کۆشکەکان، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا کەسێک کە دەستی بە خوێنی هاوپەیمان و نەیارەکانی سوور بێت، دەتوانێت دیموکراسی و ئاشتی بۆ وڵاتێک بهێنێت؟ 

لە ڤیدیۆی داهاتووی باسی پایتەختدا، باسی شەرعتان بۆ دەکەم لە تەکفیرکردنی کوردەوە بۆ هەوڵی داگیرکاریی، چاوەڕوان بن..

07 شوبات 2026 15:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026