پایتەخت

بۆ ئەحمەد شەرع کوردی قبووڵ نییە؟

کورتە

ئەحمەد شەرع، لە تەکفیرکردنی کوردەوە بۆ داگیرکاری رۆژئاڤای کوردستان

ئەحمەد شەره‌ع؛ لە تەکفیرکردنی کوردەوە بۆ هەوڵی داگیرکاریی!

سڵاوتان لێ بێت، سەفین کوردۆم، لە باسی پایتەختەوە باسی زوڵم و ستەمی ڕابردووی ئەحمەد شەرع و گروپە تیرۆرستییەکانتان بۆ دەکەم کە بەرامبەر کورد و رۆژئاڤای کوردستان کردوویانە.

لەکاتێکدا ئەحمەد شەرع، هەوڵ دەدات وەک سیاسییەکی کراوە خۆی بە جیهان بناسێنێت، بەڵام مێژووەکەی و ڕەفتاری گروپە چەکدارەکانی بەرامبەر بە گەلی کورد، ڕاستییەکی تاڵ دەسەلمێنن، بۆ کورد، شەر‌ع تەنها گۆڕینی ناوی "قاعیدە" نییە، بەڵکو بەردەوامیی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە خاکی کورد بە "غەنیمە" و خوێنی کورد بە "حەڵاڵ" دەبینێت.

١. دەسپێکی دوژمنایەتی: فەتواکانی ساڵی ٢٠١٣
دوژمنایەتی ئەحمەد شەر‌ع بۆ کورد نوێ نییە، لە ساڵی ٢٠١٣دا، کاتێک "بەرەی نوسرە" لە لوتکەی هێزیدا بوو، شەره‌ع یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە فەتوای "جیهاد"ی دژی ناوچە کوردییەکان دەرکرد. 

گروپەکەی ئەو یەکەمین هێز بوون کە هێرشێکی فراوانیان کردە سەر "سەرێ کانی" و هەوڵیاندا ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن. لەو سەردەمەدا، چەکدارەکانی جۆلانی نەک وەک شۆڕشگێڕ، بەڵکو وەک "داگیرکەرێکی توندڕەو" ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

٢. تاوانەکانی عەفرین: گۆڕینی دیمۆگرافیا
کاتێک شاری عەفرین داگیر کرا، گروپەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و چەکدارەکانی دیکەی سووریا، دڕندانەترین تاوانیان لە عەفرین ئەنجامدا، لەوانە؛
تاڵانکردن: چەکدارەکانی جۆلانی دەستیان گرت بەسەر باخە زەیتوونەکان و ماڵی هاوڵاتیانی کورد.

ئەشکەنجە و ڕفاندن: سەدان کوردی بێتاوان لە زیندانە تاریكەکانی جۆلانیدا لە ئیدلیب و دەوروبەری بێسەروشوێن کران.

گۆڕینی دیمۆگرافیا: شەره‌ع بە شێوەیەکی سیستماتیک کار دەکات بۆ نیشتەجێکردنی خێزانی چەکدارە توندڕەوکان لەو خانوانەی کە کوردەکانیان لێ دەرکراون، ئەمە پڕۆسەیەکی ڕوونی "پاکتاوی ڕەگەزی"یە کە لەژێر چاودێری ئەودا بەڕێوەدەچێت.

٣. پیلانە نوێیەکان: چاو چڕین لە ڕۆژئاڤا
ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع تەنها بە ئیدلیب و دیمەشقەوە ناوەستێت، گروپە چەکدارەکانی ئەو (HTS) بە هاوکاری گروپە توندڕەوەکانی تر، خەریکی کۆکردنەوەی هێزن بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
 
ئێستا ئەوان دەیانەوێت بچنە ناو حەسەکە، کۆبانێ و قامیشلۆ و ناوچەکانی تری ڕۆژئاڤا. 

ئامانجی شەره‌ع ڕوونە: تێکشکاندنی قەوارەی کورد و سەپاندنی دەسەڵاتێکی توندڕەوی مەزهەبی بەسەر خاکی کوردستاندا، ئەمەش بە پشتیوانی چەند لایەنێک کە شەرع بە فیتی ئەوان و لە بەرژەوەندی ئەوان کار دەکات.

٤. بۆچی شەر‌ع دژی کوردە؟
شەرع بەهۆی چەندین هۆکار لە کورد دەترسێت؛
یەکەم؛ مۆدێلی جیاواز: کوردەکان مۆدێلێکی دیموکراسیان پێشکەش کردووە کە بە تەواو دژی عەقڵییەتی خەلافەت و ئیمارەتی شەره‌عە، شەرع قبووڵی نییە جگەلە لەو عەقڵەیەتەی خۆی هەیەتی، هیچ شتێکی دیکە لە سووریا بوونی هەبێت.

دووەمیان؛ ڕقی نەتەوەیی: سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ خۆپیشاندان وەک کەسێکی میانڕەو، بەڵام چەکدارەکانی ئەو بە عەقڵییەتێکی شۆفینی و ڕەگەزپەرستانە، پەروەردە کراون کە کورد وەک "دوژمن" دەبینن.


٥. مەترسییەکانی داهاتوو: سوریا لەژێر چنگی جۆلانیدا
ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بدات ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات، ڕۆژئاڤای کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبێتەوە. ئەو پیاوەی کە ڕۆژانێک سەری نەیارەکانی دەبڕی، ئێستا دەیەوێت بە قات و بۆینباخەوە، هەمان ئەو تاوانانە دژی کورد ئەنجام بدات، بەڵام ئەمجارە لەژێر ناوی "یەکپارچەیی خاکی سووریا".

پەیامێک بۆ ویژدانی جیهان
ئەحمەد شەر‌ع (جۆلانی) هەرگیز نابێتە پارێزەری مافی پێکهاتەکان. ئەو مێژوویەکی ڕەشی هەیە لەگەڵ کورد، کریستیان و دروزەکان؛ ئینجا لە تەکفیرکردنەوە بۆ داگیرکاری بگرە تا ڕاگواستنی زۆرەملێ.

گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەزانێت کە "شەره‌ع" و "ئەسەد" و "داعش" سێ ڕووی یەک دراون، کاتێک بابەتەکە دەگاتە سەر مافەکانی کورد، پێویستە جیهان بزانێت کە گۆڕینی ناوی گروپەکان و پۆشینی جلی مەدەنی، ناتوانێت خوێنی سەر دەستی ئەحمەد شەرع و گروپەکان بشواتەوە.

07 شوبات 2026 15:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026