پایتەخت

رۆیتەرز: ئێران ڕەتی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت

رۆیتەرز: ئێران ڕەتی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت
کورتە

ئاژانسی ڕۆیتەرزی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی مەسقەتدا هیچ یەكێك لە شاندی ئێران و ئەمریكا سازشیان لەسەر داواكانیان نەكردووە، بەڵام لەسەر بەردەوامبوونی گفتووگۆکان ڕێککەوتوون.

لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران، بریتییە لە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی مووشەکی، بەڵام ئێران هەردوو داواکاری ڕەت کردووەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی دوای کۆتاییهاتن بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی ناوچەیی بڵاویکردەوە، دانوستانە 6 کاتژمێرییەکە بە "پەستکردن" کۆتایی هات، دوای ئەوەی ئێران ڕەتی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت. کە یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێشنیارکرابوون.

هەر بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ئێران ڕەتی کردووەتەوە دانوستان لەسەر توانا موشەکییەکانی بکات، هاوکات هیچ ئاماژەیەکی بە نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەداوە لەسەر زۆردارییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە، خاڵکی سەرەکی دانوستان بریتییە لە گفتووگۆ لەسەر چەکی ئەتۆمی نەک پیتاندنی یۆرانیۆم، لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستان ناکەن.

سەرەڕای ئەم قسانە، عێراقچی دوای کۆبوونەوەکان لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیاکانی گووت: "لەسەر بەردەوامبوونی گفتووگۆ ڕێککەوتین. نامەوێت پێشوەختە بڕیار بدەم، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەگەر گفتوگۆکانی داهاتوو بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەگەری ڕێککەوتنێکی بنچینەیی بوونی دەبێت."

لەلایەکی دیکەوە، چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند؛ دوای ئەوەی ناوی 2 کەسایەتی، 15 کۆمپانیا و 14 کەشتی بۆ لیستی سزاکانی دژ بە ئێران زیاد کرد، ئەمەش بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت.

06 شوبات 2026 21:54
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026