عێراقچی: لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان ڕێککەوتین
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تێڕوانینێکی ئەرێنییەوە لەسەر دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا قسەی بۆ میدیاکان کرد و تاکە بەربەستی نێوانیان بۆ "نەبوونی متمانە" گەڕاندەوە.
گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆتایی هات و وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد.
ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی گفتوگۆکان لەگەڵ شاندی ئەمریکا دەستپێکێکی باشبوو بۆ دانوستان. دواتریش بڕیاردان لەسەر چۆنییەتی بەردەوابوونی گفتوگۆکان لە واشنتن و تارانەوە دەدرێت.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: "لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ ڕێککەوتین. نامەوێت پێشوەختە بڕیار بدەم، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەگەر گفتوگۆکانی داهاتوو بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەگەری ڕێککەوتنێکی بنچینەیی بوونی دەبێت."
وەزیری دەرەەی ئێران ئەوەشی گووت: "دوای هەشت مانگی پەشۆکاو، پڕۆسەی دیالۆگەکان دەستیان پێکردەوە، تاکە چالێنجیش لەبەردەم دانوستان، نەبوونی متمانەیە لە نێوان خۆیان و ئەمریکا."
ئەمە لە کاتێکدایە، هەینی 6-2-2026 تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێران، بەسەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، ئەگەری هەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت، لە بەرانبەردا ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت. بەڵام بەئەگەری زۆرەوە ئێران وەستاندنی بەرنامە مووشەکییەکەی ناوەستێنێت، ئەمەش وەک بیانووێک بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ئیسرائیل.