ئێف بی ئای: ئێپستین سیخوڕی مۆساد بووە
سیخوڕێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە ئێپستین پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل هەبووە و لە ژێر دەستی ئەودا، مەشقی سیخوڕی کردووە.
بەگوێرەی یەکێک لەو بەڵگەنامانەی کە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، سیخوڕێکی نهێنی ئێف بی ئای جێفری ئێپستین بە سیخوڕی ئیسرائیل لە قەڵەم دەدات و تەنانەت پارێزەری ئێپستینیش هەوڵی داوە بچێتە نێو ڕیزەکانی مۆساد.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی ساڵی 2020ـی ئێف بی ئای، کە پشتی بەستووە بە ڕاپۆرتی ڕاستەوخۆی سەرچاوەیەکی مرۆیی نهێنی (CHS)، جێفری ئیپستین نزیک بووە لە ئێهود باراک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل (1999-2001) و لەژێر دەستی ئەو وەک سیخوڕ مەشقی پێکراوە. ئەم سەرچاوەیە گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان ئیپستین و "ئالان دێرشۆویتز"ـی پارێزەری تۆمار کردووە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش، دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل پەیوەندی بە دێرشۆویتزەوە کردووە بۆ لێکۆڵینەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هاتووە، دێرشۆویتز خۆی بە ئێپستین دەڵێت: "ئەگەر تەمەنی گەنجتر بوایە، ئەوەیش دەچووە ڕیزەکانی مۆساد. سیخوڕەکەی ئێ بی ئای پێی وایە دێرشۆویتز لەلایەن مۆسادەوە دەستنیشانکراوە و بەشداری لە ئەرکەکانی ئەم دەزگای هەواڵگرییە کردووە.
جگە لە مۆساد، ئەم سیخوڕەی ئێف بی ئای ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پارێزەرەکەی ئێپستین بە ئەلێکس ئاکۆستا، داواکاری گشتی ناوچەی باشووری فلۆریدا گوتووە: " ئێپستین پەیوەندی بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشەوە هەبووە."
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوو، زیاتر لە سێ ملیۆن بەڵگەنامە بڵاوکرانەوە، کە ناوی چەندین کەسایەتیی دەسەڵاتداری تێدایە، لەوانە ترەمپ، ئیلۆن مەسک، بیڵ گەیتس، بیل کلینتن و شازادە ئەندرووی بەریتانیا.
بەڵگەنامە نوێکانی ئەم دواییانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا دەریدەخەن کە ترەمپ لە ساڵی 1993 بۆ 1996 لانیکەم هەشت جار بە فڕۆکەی ئێپستین گەشتی کردووە و لە بازنەی کۆمەڵایەتی ئێپستیندا بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ترەمپ لە تاوان یان کارێکی نایاسای ئێپستین تێوەگلابێت.
ئێپستین لە ساڵی 2019 بە مردوویی لە زیندانەکەی خۆی لە نیویۆرک دۆزرایەوە، کاتێک چاوەڕوانی دادگەیی کردن بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە سێکس. لە ساڵی 2008، لە دادگایەکی فلۆریدا دانی بە تاوانەکەیدا نا و بە هاندانی منداڵ و کچانی خوار تەمەن 18 ساڵان بۆ لەشفرۆشی تاوانبار کرا. حکومەت هۆکاری مردنەکەی بۆ "خۆکوشتن" دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زۆرێک لە خەڵک گومانیان هەیە و پێیان وایە حکومەت بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی و تێوەگلانی کەسایەتییە ناودارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، ئێپستینیان لە نێو زیندان کوشتووە.