باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا لە تاران: ئێران جێبهێڵن
باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا دۆخی ئێستای ئێران بۆ هاووڵاتییانی خۆی بە سەلامەت نازانێت؛ داوا دەکات بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن و وڵاتەکە جێبهێڵن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، ئەمریکا هۆشداری بە هاووڵاتییانی دەدات لە ڕێگەی وشکانییەوە ئێران جێبهێڵن.
ئەمڕۆ پێگەی فەرمی باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا لە تاران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی ئەمریکا، تا دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن. جێهێشتنەکەش بە شێوەیەک بێت، کە پێویستییان بە یارمەتی ئەمریکا نەبێت.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بە بەردەوامی هەوڵەکانی حکومەتی ئێران داوە لە زیادکردنی ئاسایش، داخستنی ڕێگە، وەستانی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، پچڕاندنی ئینتەرنێت، سنووردارکردنی خەڵک لە بەکارهێنانی مۆبایل، کە ئەم ڕێکارانە تا ئێستا بەردەوامن. بۆیە وا باشترە بەشداری لە خۆپیشاندانەکان نەکەن و هەوڵدەن لە ڕێگەی و وشکانی ئەرمینیا یان تورکیا وڵاتەکە جێبهێڵن.
ئەمە لە کاتێکدایە، وا بڕیارە ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عومان بۆ دانوستان بەڕێوەبچێت.
هاوکات عەباس عێراقچی لەسەر دانوستانەکە ڕایگەیاندووە، بە چاوێکی کراوە و یادەوەرییەکی روونی رووداوەکانی پار ساڵ (جەنگی 12 ڕۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشی ئەمریکا بۆسەر بنکەی ئەتۆمییەکانیان) دەچنە نێو گفتووگۆ دیپلۆماسییەکانەوە.
دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئیران لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ساڵی ڕابردوو، لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو. پێنج گەڕی ئەم دانوستانانە لە عومان و ئیتالیا بەڕێوە چوون. بەڵام بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەستپێکردنی جەنگی 12 رۆژە، شکستی دانوستانەکان راگەیاندران.