دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: لێڵکردنی وێنەی مەلا مستەفا بارزانی ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی ڕۆژنامەگەری
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕەخنەی تووند لە کەناڵی NRT دەگرێت
دوای ئەوەی ئۆفیسی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک داخرا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕەخنەی تووند لە کەناڵەکە دەگرێت و دەڵێت: "لێڵکردنی وێنەی وێنەی ڕەمزی نەتەوەیی کورد ئازادی ڕۆژنامەگەری نییە".
کەمێک پێش ئێستا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، ئەو ڕەفتارەی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لەکاتی گواستنەوەی دانیشتنێکی فەرمی، کە تێیدا هەستاون بە لێڵکردنی وێنەی ڕەمزی نەتەوەیی کورد (مەلا مستەفا بارزانی)، پێیان وایە ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی ڕۆژنامەگەری.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەم کارە میدیاییە بە بەلاڕێدابردنی تەکنیکی میدیایی وەسف دەکات و دەڵێت: "لێڵکردن تەنیا بۆ شاردنەوەی دیمەنە نەشیاوەکان، تیرۆریستییەکان، یان ئەو دیمەنانەی پێچەوانەی دابونەریت و پاراستنی ناسنامەی قوربانیانن بەکاردێت، نەک بۆ وێنەی سیمبوڵێکی نەتەوەیی".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکات، بەدواداچوونی ورد بۆئەم ڕەفتارە بکەن کە دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئازادیی میدیا بە مانای شێواندنی مێژوو و بێڕێزی کردن بە ناسنامەی نەتەوەیەک نییە.
دوێنێ چوارشەممە بە بڕیاری دادگەی هەولێر هەردوو ئۆفیسی کەناڵی (ئێن ئاڕتی) لە شاری هەولێر و دهۆک بەهۆی بێ ڕێزیکردن و بە سیمبوولی نەتەوەیی داخران.