پایتەخت

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی گەیشتە هەولێر

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی گەیشتە هەولێر
کورتە

دوو ڕۆژ دوای ئازادکردنی بەشێک لە کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، کەیسی ناوبراو گوازرایەوە هەولێر.

دوای 17 ڕۆژ لەسەر داواکاری کەسوکاری لاهور شێخ جەنگی، دۆسییەکەی خۆی و 11 کەسی دیکە گوازرایەوە هەولێر و دادوەر بڕیار لەسەر گواستنەوە یان مانەوەەی زیندانییەکان لە سلێمانی دەدات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تانەیان لە وەرگرتنی گوتە (ئیفادە)ی لاهور و هاوڕێکانی دا، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و  10 کەسی دیکە لە هاوڕێکانی گوازرایەوە هەولێر.

دوای گواستنەوەی کەیسەکە بۆ هەولێر، بەگوێرەی قسەکانی پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگەییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کام پارێزگا دەبێت. هاوکات بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان دادوەر بڕیار دەدات کە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە، یان بۆ دادگەیی دەبرێنە شارێکی دیکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 12-1-2026 لاهور شێخ جەنگی و پۆلاد شێخ جەنگی و تەواوی داواکراوەکانی دیکە هێنرانە بەردەم دادوەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرەی گەل و خێزانی لاهور شێخ جەنگی، لە رێگەی تیمی پارێزەرانەوە داوایان کردبوو دۆسیەکە بۆ هەولێر بگوازرێتەوە، دادگەییکردنەکە بەڕێوەنەچوو.

لەلایەکی دیکەوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر 3-2-2026، دوای 5 مانگ بەسەر ڕووداوەکەی لالەزار، 9 لە دەستگیرکراوەکانی لالەزار ئازادکران کە بەشێکیان نزیکن لە لاهور شێخ جەنگی لەوانەش: ( کەریمی حاجی عەلی، شۆفێری تایبەتی لاهور شێخ جەنگی، د. ئەحمەد فاتح، سکرتێری لاهور شێخ جەنگی، کاروانی موحسێن بایز، سکرتێری لاهور شێخ جەنگی).

05 شوبات 2026 14:07
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026