بڕیارە گرنگە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کەوتە بواری جێبەجێکردن
بڕیارە گرنگەکەی سەرۆکوەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست کەوتە بواری جێبەجێکردن
بڕیارە گرنگەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست کەوتە بواری جێبەجێکردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارە 340ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، هەواری دووەمی ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی هەموارەکە فەرمانبەرانی (هەمیشەیی و گرێبەست) لە بواری راژەی مەدەنی و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە مەرج و ڕێنمایی پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە، پارچەیەک زەوییان پێدەدرێت و بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
سەربەست مەولوود، بەرپرسی بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست بەهەمان شێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەییە و هیچ جیاوازییەکی نییە.
سەربەست مەولوود باسی لەوە کرد، لە ماڵێکدا دوو هاوسەری فەرمانبەری گرێبەست بەیەکەوە ناتوانن زەوی وەربگرن بەڵکو تەنیا یەک کەسیان سوودمەند دەبێت، بەڵام بۆ (خوشک و برا) ئاساییە و هەردووکیان دەتوانن بەگوێرەی مەرجەکان ببنە خاوەنی زەوی.
هەر فەرمانبەرێکی (هەمیشەیی و گرێبەست) 200 مەتر دووجا زەوی بۆ تەرخان دەکرێت.
سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی زەوییەکان بەسەریاندا سەربەست مەولوود جەختی لەوەکردەوە، لەم ساڵدا سەرجەم کارەکان تەواو دەبن و فەرمانبەرانی گرێبەست دەبنە خاوەنی زەوی.
مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی:
-زیاتر لە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
-پێشووتر سوودمەند نەبووبێت.
لە ڕۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.