پایتەخت

دواجار پارەی کارمەندانی سەر سندقی دەنگدان دابەش دەکرێت

دواجار پارەی کارمەندانی سەر سندقی دەنگدان دابەش دەکرێت
کورتە

وادەی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان ئاشکرا دەکرێت

دوای زیاتر لە 2 مانگ، ڕێکارییەکانی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان بەرەو کۆتا دەچێت، پایتەخت میدیا وادەکەی دابەشکردنەکە ئاشکرا دەکات.

 

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە رێگەی بانكی رافیدەین پارەی 7 پارێزگای ناردووە كە بریتین لە(هەولێر، دهۆك، كەركووك، بەسڕە، بابل، میسان و نەجەف)، تا بەسەر كارمەندانی سەر سندووق دابەش بكرێت.

 

ڕۆژی 11ـی 11ـی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەچوو، 253 هەزار کەس وەک کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان کاریان کرد، هاوکات 34 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان کارمەند بوون.

 

مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێرلە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سەرجەم ڕێکارییەکان ئەنجام دراون چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی ڤیزا کارتی کارمەندان دەکەن، دواتر کارمەندان دەتوانن لە ڕێگەی بانکی تی بی ئای پارەکە وەبگرن.

 

سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی پارەی کارمەندان مەروان محەممەد گووتی: "بەئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو پارەکە دەخرێتە سەر ڤیزا کارتی کارمەندان".

 

ڕێکارییەکانی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان، لەم هەڵبژاردنە جیاوازترە و لە ڕێگەی هەژماری ڤیزا کارتەوە دەبێت.

 

خالید عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆک لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، 2 ملیار دینار بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە، لە ماوەیەکی نزیک ڤیزا کارتەکان لە بەغداوە دەگەنەوە و لە ڕێگەی بنکەکانی کۆمسیۆن بەسەر کارمەندان دابەش دەکرێن.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئامانج ڕەحیم، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تا ئێستا لە کۆمسیۆنەوە هیچ ئاگادار کردنەوەیەکیان بۆ نەچوە و هەرکاتێکیش پارە بگات ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەژماری بانکی پارە دەخرێتە سەر هەژماری کارمەندان.

 

شایستە دارییەکانی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان بەم شێوەیەی خوارەوە:

 

-سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدان 400 هەزار دینار.

-بەڕێوەبەری وێستگە 300 هەزار دینار.

- کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار.

-فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدان بوون 300 هەزار دینار.

-بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار.

- کارمەندی سەر سندووقەکانی 150 هەزار دینار.

04 شوبات 2026 21:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026