چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هێشتنەوە یان گۆڕینی مالیکی دەدات
ناوەندە سیاسی و ڕاگەیاندنەکانی عێراق چاودێری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن بۆ یەکلاکردنی هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرسی سەرۆککۆمار و کاندیدی سەرۆکوەزیران.
بە ڕەچاوکردنی سەردانەکەیان بۆ کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕۆژنامەی ئەل سەباح لە زاری عەلی سابر کینانی، ئەندامی فراكسیۆنی "ئەبشیر یا عێراق" لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەنجامی سەردانی شاندەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پێشنیازانە تاوتوێ دەکرێن، کە دەربارەی پۆستی سەرۆککۆمار خراونەتەڕوو. هاوکات هەوڵی سنووردارکردنی وادەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار دەدەن، کە لە دوو ڕۆژ زیاتر تێنەپەڕێت و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانیش دەکەن.
سەرەڕای دەنگۆی دوورخستنەوەی مالیکی بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپ لە عێراق، زاری عەلی سابر کینانی جەختیکردووەتەوە، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە کاندیدکردنی نووری مالیکی، بەڵام ئەگەری هەیە بەپێی ئەنجامی گفتوگۆکان گۆڕانکاری ڕوو بدات.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، پێشنیازی ئاڵوگۆڕی پۆستە سیاسی و حکومییەکانیان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کراوە، ئەمەش وەک یەکێک لە ڕێگەچارەکان بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستنەی بە هۆی پۆستی سەرۆکۆمارەوە دروست بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر پرسی پۆستی سەرۆککۆمار و کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە.
.