گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی بۆ پایتەخت: تا ئێستا 20 هەزار فەرمانبەری سلێمانی زەوی وەرگرتووە
50 هەزار فەرمانبەری سنووری شارەوانی سلێمانی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوی دەکەن
50 هەزار فەرمانبەری سنووری شارەوانی سلێمانی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوی دەکەن، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەکە ئاشکرا دەکات.
لە ڕۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
زەردەشت ڕەفیق، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تائێستا دوو وەجبە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە کە نزیکەی 20 هەزار فەرمانبەر سوود مەندبوون.
لە سنووری شارەوانی سلێمانی 70 هەزار فەرمانبەر لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سوودمەند دەبێت بەڵام تا ئێستا تەنیا 20 هەزار فەرمانبەر بوونە خاوەنی زەویی و 50 هەزاریان لە چاوەڕوانی دان.
فەرمانبەرێکی سلێمانی ڕەخنە لە گەڕاندنەوەی ناوی ئەو 20 هەزار فەرمانبەرە دەکات و دەڵێت: "چاوەڕوان بووین ناومان بێتەوە، ئێمە نەک تەنیا زەوی بەڵکو دەبێت خانووشمان پێ بدرێت".
گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەی دابەشکردنەکە ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی نەبوونی زەوی پێویست پڕۆسەکە دواخراوە.
سەبارەت بە پارێزگای هەولێر سەربەست مەولوود، بەرپرسی بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، زیاتر لە 70 پارچە زەوی لە نێو سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دابەشکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، مەریوان حاکم هادی، بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان هەولێر بە پایتەخت میدیای راگەیاند، لە دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستا بە 17 وەجبە زەوی دابەشکراوە.