دیاردەیەکی دەگمەن لە کوردستان ڕوودەدات

بارانی هاوینەیی لە هەرێمی کوردستان دەبارێت
وەرزی هاوینە و گەرماکەی دەیکوڵێنێت بەڵام شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرای دەکات، کە بارانی هاوینەیی بە شێوەی تاوەبارانی بەخووڕهەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بە بارینی باران ڕایدەگەیەنێت: "رۆژی سێشەممە لە كاتەكانی نێوان ئێوارە بۆ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ناو بە ناو لە هەندێك شوێندا بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكانی باكووری پارێزگای هەولێر و دەڤەری بادینان و ئیدارەی سۆران و سنووری پارێزگای سلێمانی ئەگەر هەیە بارانی هاوینەیی ببارێت و هەورە بروسكەش چالاك بێت".
سەبارەت بە بڕی باران بارینەکەش گووتی: "بڕی بارانەكە بە گشتی كەمدەبێت و شوێنەكان بە وردی ناتوانرێت دیاریبكرێت، پێشبینیدەكرێت لە هەندێك شوێندا رێژەیەكی زۆریش باران ببارێت بە شێوەی تاوەبارانی بەخووڕ و لەگەڵ بوونی هەورەبروسكە".
ناوبراو، سەبارەت بە پلەکانی گەرماش ڕوونکردنەوە دەدات: "بە گشتی پلەكانی گەرما لەسبەینێوە تا یەكشەممەی داهاتوو لە ئاستێكی ئاسای هاوینەدا دەمێنێتەوە، دواتر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەستپێدەكاتەوە".