تۆمەتبارانی گەڕەکی ڕاپەرێن دەستگیرکران
ئەو تۆمەتبارانەی 50 ملیۆن دیناریان لە دوکانێکی ئاڵۆگۆڕی سلێمانی دزی دەستگیرکران
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2 کەس هەڵیانکووتایە سەر دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو بڕە پارەیەکیان دزی، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنیان ڕادەگەیەنێت.
کەمێک پێش ئێستا عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، ئاسایشی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە 20 کاتژمێردا، بکەری سەرەکی تاوانی هەڵکوتانە سەر نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی دەستگیرکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو کاتژمێر 8:40 خولەک 2 کەس بە جلوبەری دلیڤەرییەوە هەڵیان کووتایە سەر دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی و بڕی 50 ملیۆن دیناریان دزی.
بەگووتەی عەقید کارزان شێرکۆ، تواندراوە دەستبەسەر بڕە پارە دزراوەکەدا بگیرێت، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بە ماددەی (443) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوان و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.