شەڕی بافڵ تاڵەبانی و کوڕانی کۆسرەت رەسووڵ
شەڕ و کێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و کوڕانی کۆسرەت رەسووڵ قووڵ بوویەوە و هەڕەشە لە یەکتر دەکەن
یەکەمجار و کۆتاجار نییە شەڕ و ئاژاوەی ناوماڵی بەرپرسانی باڵای یەکێتی خۆیان و کەسانی نزیکیان دەسووتێنێت و ڕق و کێشمەکێشی دەسەڵاتداری، دەبێتە هۆی دابڕان و پەرتەوازەییان، ئەمجارە بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای، دژی شاڵاو و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ وەستانەتەوە و بەنیازن سەرجەم هێز و دەسەڵاتەکانیان لێ وەربگرنەوە، هەر بەمەش نەوەستاون و دەیانەوێت، هەر بەرپرس و کاربەدەستێکی نزیک لە ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ لە هەولێر لەسەر دەسەڵات لا بدەن و بە تەواوی پەراوێزیان بخەن.
کێشەکە لەکاتی گەڕانەوەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ لە بەغداوە بۆ سلێمانی سەری هەڵدا، ئەو کاتەی دەمەقاڵێ لەنێوان پاسەوانەکانی بافڵ و دەرباز هاتە ئاراوە، کۆنترۆڵی دەرباز بەسەر بێدەنگ کردنی گرفتەکەوە نەما و بابەتەکە گەیشتەوە لای بافڵ تاڵەبانی، بافڵ لەسەر ئەو ناکۆکی و گرفتە تووڕە دەبێت و دوای قسە و مشتومڕێکی زۆر لەگەڵ دەرباز، پێی دەڵێت، ئیتر جێگای قبووڵ کردن نییە خۆت و براکەت نزیکەی دوو هەزار کەس پاسەوان و هێزتان هەبێت، دەبێ ئەو پاسەوان و هێزانە بخرێنەوە ژێر فەرمانی خۆم و سەر بە هێزەکانی یەکێتی بن.
قسە و ناکۆکییەکان لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ گەرمتر دەبێت، بافڵ تاڵەبانی پێی دەڵێت، تۆ زیانت بە پێگەی یەکێتی لە هەولێر داوە، نەتەنیا هیچ دەستکەوتێک نەبووە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی تۆوە، جەماوەر و خەڵکێکی بەرچاویش لە یەکێتی دوور بوونەتەوە.
دوای تۆمەتبارکردنی یەکتری بافڵ تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ بەوەی زیانیان بە پێگەی یەکێتی لە هەولێر گەیاندووە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شانازی پووری و قوبادی برای ڕێکدەکەوێت، کە پۆستی سەرۆککۆمار سەرەڕای کێشە و گرفتەکان، بۆ د. لەتیف ڕەشید بێت، نەک ئەوەی کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ سوودی لێ وەربگرن، ئەمانە و چەندین هەوڵی دیکەی بافڵ تاڵەبانی دژی دەرباز و شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ، وەکو دوورخستنەوەی بەرپرسە نزیکەکانی ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ لە لق و کۆمیتەکانی هەولێر، هەڕەشەکردن بۆ ڕادەستکردنەوەی هێزەکانیان، وای کردووە، کە دەرباز و شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ بەناچاری پەنایان ببەنە بەردەم لیوا عومەر، فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزەکانی یەكێتی، تاوەکو لانیکەم پاسەوانەکانیان وەرنەگیرێتەوە، بەڵام لە وەڵامدا لیوا عومەر پێی وتوون کە هیچ دەسەڵاتێکی بەدەستەوە نییە و بافڵ تاڵەبانی بڕیاری کۆتایی دەدات، بۆیە من تەنها دەتوانم دو وفەوجتان پێ بدەم بۆ پاسەوانی کردنتان.
لەئێستادا ئیتر نووکی خەنجەرەکەی بافڵ تاڵەبانی، ڕووی لە کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵە و نیازی کوڕانی تاڵەبانی دوورخستنەوەی هەرچی زیاتری کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ لە ناوەندی دەسەڵاتی یەکێتییە.