پایتەخت

ئۆکراینا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە

ئۆکراینا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە
کورتە

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەرکۆنەی کوشتن و مامەڵەی توندی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات و دەڵێت: "هەموو تیرۆستانی جیهان شایەنی هەمان مامەڵەن."

ئۆکراینا هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە؛ وڵاتەکەش بە بەکارهێنانی درۆن لە دژی خەڵکەکەی خۆی تۆمەتبار دەکات.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بە زمانی فارسی ڕایگەیاند، هەموو دونیا شایەتە چی لە ئێران دەگوزەرێت، ڕێژەی زۆری کوژرانی خۆپیشاندەران و چۆن کۆماری ئیسلامی ئێران سەرچاوەیەکی زەبەلاح بۆ نانەوەی جەنگ و توندتووژی لە ناوچەکە خەرج دەکات. ئۆکراینا هێرشی "هەزارەها درۆنی ئێرانی" بۆ سەر شار، گوند و خەڵکەکەمان لە بیر ناکات".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی زیلینسکیدا هاتووە، یەکێتی ئەوروپا ڕازی بووە لەسەر بڕیاری ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆرستی"؛ ئەوانیش لە ئۆکراینا بڕیارێکی لەم شێوەیەیان داوە و سوپای پاسدارانی ئێران وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆرستی" دەناسێنن. "بۆ ئێمە یەکلا بووەتەوە، کە هەموو تیرۆرستانی جیهان شایەنی هەمان مامەڵەن و نابێت کەسیان بیبەنەوە."

ئەم هەڵوێستەی ئۆکراینا لە کاتێکدایە، دەگوترێت درۆنی خۆکوژیی جۆری (شاهید 136)ی ئێرانی، کە یەکێکە لە دروستکراوەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بەشێوەیەکی بەرفراوان لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بەکارهێنراوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، یەکێتی ئەوروپا گەیشتە کۆدەنگی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی". ئەم هەنگاوە وەڵامێک بوو بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئێران.

دوای بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپاش، ڕۆژی یەکشەممە 2-2-2026، محەممەد باقر قالیباف، سه‌رۆكی پەرلەمانی ئێران لە نێو هۆڵی پەرلەمان ڕایگەیاند، لە بەرامبەر هەنگاوەکەی یەکێتی ئەوروپا پەرلەمانی ئێران بەپێی مادەی حەوتەمی یاسای "بەرپەرچدانەوە"، سوپای وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەکو "گرووپی تیرۆریستی" دەناسێنێت.

03 شوبات 2026 11:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026