گوتەبێژی هەسەدە: هێزەکان لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکانیان حەسەکە بەجێدەهێڵن
گوتەبێژی هەسەدە زانیاری ورد لەسەر دۆخی حەسەکە ئاشکرا دەکات
دوای هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ نێو شاری حەسەکە، گوتەبێژی هەسەدە دڵنیایی دەدات کە بۆ ماوەیەکی کاتی هێزەکان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە 15 ئۆتۆمبێلەوە دەستەیەکی سەرەتایی کە لە 100 بۆ 125 ئەندامی حکومەتی کاتیی سووریا پێکهاتووە چوونە ناو شاری حەسەکە، سبەینێ گروپی دووەم بەهەمان قەبارە دەچنە ناو شاری قامیشلۆ.
بەگووتەی فەرهاد شامی، هەموو ئەو هێزانە خەڵکی پارێزگای دەرعان، ئەمە مەرجێکە کە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا دیاری کراوە.
سەبارەت بە شوێنی جێگرکردنی هێزەکانی حکومەتی سووریا فەرهاد شامی گووتی: " بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ لە سێ چوار شوێنی دیاریکراو لە سەنتەری شاردا جێگیر دەبن، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت".
گوتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی ئەو هێزانە سنوردارە بە سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکانیان ناوچەکە بەجێدەهێڵن.