ئیسرائیل سێ مەرج بۆ ئێران دادەنێت
ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران یەکلاکردووەتەوە، سێ مەرجی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی و چالاکییەکانی ئێرانی لە ناوچەکە، بە ئەمریکا گووتووە.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەنگۆی سەرهەڵدانی جەنگ، ئەمریکا و ئیسرائیل کۆبوونەیەوەکی نهێنییان کرد و بڕیاریان لە مەرجی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران داوە.
پێگەی ئیسرائیلی بڵاویکردەووەتەوە، هەریەک لە ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل و دان کین هاوتا ئەمریکییەکەی کۆبوونەوەیەکیان لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کردووە و تێیدا ئیسرائیل سێ مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ تاران دیاریکردووە؛ کە دەبێت رێگری تەواو لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگیرێت، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکی و کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی تاران بۆ گرووپە بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو جمووجۆڵە دیپلۆماسی و سەربازییانە دوای هەڕەشەکانی ترەمپ دێن، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە بژاردەی سەربازیی لەدژی تاران لەسەر مێزە.
لەبەرامبەردا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران بەتوندی وەڵامیدایەوە و ڕایگەیاند، هەر هێرشێکی ئەمریکا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی "فراوانی هەرێمیی"، کە تەنها سنوروی ئێران ناگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەبارەی قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێكی هەرێمیی گەورە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گووتی: "بۆچی وا نەڵێت؟ بەدڵنایی دەتوانێت وابڵێت، ئێمە گەورەترین و بەهێزترین کەشتیمان هەیە لە جیهاندا، لەوێ، زۆر نزیکە لێیانەوە، هیوادارین، بگەینە رێككەوتن، ئەگەر رێكنەكەوتین، دەبینین راست دەکات یان نا."