پایتەخت

عێراق: 450 زیندانی داعش گەڕێندرانەوە

عێراق: 450 زیندانی داعش گەڕێندرانەوە
کورتە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەڕاندنەوەی سەتان چەکداری داعشی لە سووریاوە بۆ وڵاتەکە ڕاگەیاند و بڕیار لە چارەنووسیان دەدات.

قۆناغێکی دیکەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق جێبەجێکرا و داوا لە وڵاتانی دیکە دەکرێت هەمان کار بکەن.

هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو داعشە زیندانییکراوانەی لە سووریاوە دەگوارێنەوە عێراق زۆر سنووردارە، لە کۆی 7000 چەکداری داعش تا ئێستا تەنیا 450 دانەیان هێناوەتەوە عێراق.

هیشام عەلەوی جەختی لە هەوڵەکانیان بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش کردەوە. هاوکات باسی لە نەتەوەی داعشەکان کرد و ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو داعشانەی لە زیندانەکانی سووریادا ماون عێراقی نین و لە نەتەوەی جیاوازن، کە 40 نەتەوەی جیاواز پێکدەهێنن.

سەبارەت بەوانەشی تاوانیان لەسەر ساخ نابێتەوە، هیشام عەلەوی گوتی، "ئەوانەی تاوانیان لەسەر نەسەلمێندرێت، دەبرێنە سەنتەرەکانی چاکسازی و راهێنانەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی چارەنووسیان بدرێت."

 بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە ڕۆڵی "لاوازی" وڵاتانی ئەو نەتەوە جیاوازانە لە گواستنەوەی چەکدارانی داعش کرد و ئاماژەی بەوە دا، بۆ چەندین ساڵە داوا لەو وڵاتانە دەکەن چەکدارانی داعش وەربگرنەوە تا لە ژێر یاسای خۆیان دادگەیی بکرێن، بەڵام زۆربەیان وەڵامیان نەبووە.

مانگی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەڵمەتی گواستەنەوەی زیندانییانی چەکدارانی داعشی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری زیندانیکردنی چەکدارانی داعش.

02 شوبات 2026 11:45
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026