پایتەخت

قوباد تاڵەبانی دەبێتە سەرۆکی یانەی سلێمانی

قوباد تاڵەبانی دەبێتە سەرۆکی یانەی سلێمانی
کورتە

قوباد تاڵەبانی، لە خەونی بوون بە سەرۆکی یەکێتی بۆ سەرۆکی یانەی سلێمانی!

 

دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی نەیتوانی وەکو کەسی یەکەم لە ناو یەکێتی هیچ پۆستێک وەربگرێت، ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێری یانەی سلێمانی، زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و وەکو سەرۆکی یانەی سلێمانی دەستبەکار دەبێت.

 

قوباد تاڵەبانی، لە ناو یەکێتی وەکو بەرپرسی سکرتاریەتی مام جەلال دەناسێندرێت، لە کاتێکدا لە دوای کۆچی دوایی جەڵاڵ عیسامەدین، ئەو سکرتاریەتە هیچ رۆڵێک و گرینگییەکی نەماوە.

 

چوونە ناو وەرزش و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یانەی سلێمانی لە کاتێدایە، کە قوباد تاڵەبانی بێ هیوابووە لەوەی پۆستی سەرۆکی یەکێتی و لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم، پۆستی وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکوزیران وەربگرێت.

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە، یانەی سلێمانی لە ریزی پلە دووەکانی عێراق یاریی دەکات و لەسەر ئاستی کوردستان، بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕبووە و لە ڕابردوودا، بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەر بە تەواوی داخرابوو.

 

قوباد تاڵەبانی، لە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێری یانەی سلێمانی، لە کۆی 83 ئەندامی بەشدار لە هەڵبژاردنەکە، 79 دەنگی بەدەستێنا و بووە خاوەنی زۆرترین دەنگ.

 

بەپێی زانیارییەکان، قوباد تاڵەبانی لەسەر داوای خۆی بەشداری لەم هەڵبژاردنەی یانەی سلێمانی کردووە و ئامانجیەتی، رکابەری یانەی نەورۆز بکات، کە خاوەنداریەتی بۆ بنەماڵەی شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە و لە ڕابردووش دا، هەر لە لایەن لاهور شێخ جەنگییەوە پشتیوانی دارایی دەکرا.

 

هاندەرانی تۆپی پێ لە سلێمانی نیگەرانن لەم هەنگاوەی قوباد تاڵەبانی، چونکە پێیانوایە ئەم هاتنە پێشەوەی ناوبراو لە پێناو لاوازکردنی یانەی نەورۆزە، کە ئەو یانەیە لە خولی ستارلیگی عێراق یاریی دەکات.

01 شوبات 2026 19:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026