3 وەزیری هەرێمی کوردستان سەردانی ئادەم چیایان کرد
دوای چاوپێکەوتنەکەی پایتەخت 3 وەزیری هەرێم سەردانی سیمبوولی خۆپیشاندانەکانی کوردستانیان کرد
دوای چاوپێکەوتنەکەی پایتەخت میدیا لەگەڵ ئەو منداڵەی بوویە سیمبوولی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی ڕۆژئاڤا، 3 وەزیری هەرێمی کوردستان سەردانیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە شاری هەولێر سەردانی 'ئادەم چیا'ـیان کرد، هەردوو وەزیر قەڵغانی سوپاس و پێزانینی خۆیان و دیاری تایبەتییان پێشکەش کرد.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دوای چاوپێکەوتنەکەی پایتەخت میدیا لەگەڵ 'ئادام چیا' بڕیاریدا وێنەی ئەو سیمبوولە بخرێتە سەر بەرگری پەرتووکی کوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی، هاوکات وەزیری پەروەردە سەردانی 'ئادەم چیا'ـیی کرد.
لە دوای دەرکەوتنی 'ئادەم چیا' لە نێو خۆپیشاندانەکانی هەولێر بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاڤای کوردستان، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەهۆی ئەوەی ئادام منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەم هۆیەوە پایتەخت میدیا بە ئەرکی خۆی زانی سەردانی ئەو منداڵە بکات، لە نزیکەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ خۆی و دایک و باوکی ئەنجام بدات کە لە هەموو کوردستان دەنگی دایەوە.