دۆناڵد تڕەمپ سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد
دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات لە بەرامبەر هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ویندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و حکومەتی ئەمریکای گەیاندە سەرۆک بارزانی.
کەمێک پێش ئێستا، بارەگای بارزانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر ئەو نێوەندگیری و هەوڵە بەردەوامانەی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
هاوکات سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵ و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ پشتیوانی لە گەلی کوردستان بەرزنرخاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە، لە ساڵی 1991 نەیاندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بپارێزین.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، هەردوولا هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن.
سەرۆک بارزانی، ماوەی مانگێکە بە چڕی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان لەسەر هێڵە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ گەلی کوردی لە ڕۆژئاڤای کوردستان و ئامانجی سەرەکی لە هەوڵەکانی، ڕاگرتنی شەڕ و پارێزگارییە لە دەستکەوتەکانی کورد.