پایتەخت

په‌رله‌مانی ئێران سوپای وڵاتانی ئه‌وروپای خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌

 په‌رله‌مانی ئێران سوپای وڵاتانی ئه‌وروپای خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌
کورتە

په‌رله‌مانی ئێران بە بڕیارێک هەڕەشە لە سوپای وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات و دەڵێت: "لێکەوتەکانی لە ئەستۆی خۆیانە"

دوای بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ بە "تیرۆریست" ناساندنی سوپای پاسداران، پەرلەمانی ئێران وەک "بەرپەرچدانەوە" بە بڕیارێک وەڵامی دایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد باقر قالیباف، سه‌رۆكی پەرلەمانی ئێران لە نێو هۆڵی پەرلەمان ڕایگەیاند، لە بەرامبەر هەنگاوەکەی یەکێتی ئەوروپا پەرلەمانی ئێران بەپێی مادەی حەوتەمی یاسای "بەرپەرچدانەوە"، سوپای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وەکو "گرووپی تیرۆریستی" دەناسێنێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوەش کرد، کە لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە لە ئەستۆی یەکێتی ئەوروپایە.

ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ئەوە دێت، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پاش هەوڵێکی زۆر، دواجار یەکێتی ئەوروپا گەیشتە کۆدەنگی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی". ئەم هەنگاوە وەڵامێک بوو بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئێران.

بە گوێرەی بڕیارەکە، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەوروپا سڕ بکات و گەشتکردنی هەموو ئەندامەکانی ئێستای سوپای پاسداران بۆ ئەوروپا قەدەغە بکات. ڕێگە لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانیش بگرێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران.

جێگەی ئاماژە پێدانە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئێران وەک دەربڕینی پاڵپشتی بۆ سوپای وڵاتەکەیان، بە جلوبەرگی فەرمیی سوپای پاسدارانەوە بەشداری دانیشتنەکە بوون و دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا"ـیان دەگووتەوە.

01 شوبات 2026 09:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026