پایتەخت

ڕۆیتەرز: مارک ساڤایا لەسەر کاندیدبوونی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخرایەوە

ڕۆیتەرز: مارک ساڤایا لەسەر کاندیدبوونی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخرایەوە
کورتە

بۆ یەکەمجار دوای سێ ڕۆژ لە داخرانی هەژماری فەرمی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق لە پلاتفۆرمی ئێکس، زانیاری لەسەر هۆکارەکەی ئاشکرا بوو.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و پێشبینی دەکرێت تۆم باراک شوێنی بگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق چیدی لە پۆستەکەیدا نەماوە. ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، بەهۆی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە سیاسەتی عێراقدا، روو لە زیادبوونن.

ڕۆیتەرز لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدیدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستا ڕوون نییە چی بووەتە هۆکاری لابردنی ساڤایا لە پۆستەکەی بەم شێوەیە کتوپڕە، دیاریش نییە کە کەسێک شوێنی دەگرێتەوە یان نا.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان  بە "خراپ مامەڵەکردنی" ساڤایا لەگەڵ دۆخە هەستیارەکانی عێراق کردووە، لەوانەش شکستهێنای لە ڕێگریکردن لە کانیدیبوونی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێرق، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشكرا دژی دەوەستێتەوە.

هەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی زانیاری بە ڕۆیتەرز داوە، پێشبینی دەکرێت تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە، پێدەچێت دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە بگرێتە ئەستۆ.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە، هەژماری فەرمی مارک ساڤایا لە پلاتفۆرمی ئێكس داخراوە و تا ئێستا کارا نەکراوەتەوە.


لەلایەکی دیکەوەش، چەندین ڕۆژە دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تروس سۆشیاڵ دژی کاندیدبوونی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو: "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران. دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە. ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات."

ساڤایا کە بازرگانێکی کریستیانیی عێراقی - ئەمریکییە، یەکێک بوو لەو چەند عەرەبە ئەمریکییەی لەلایەن ترەمپەوە بۆ پۆستە باڵاکان دیاریکران و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو وەکو نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرا.

01 شوبات 2026 08:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026