سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: عێراقییەکان خۆیان بڕیار لەسەر بابەتە ناوخۆییەکان دەدەن
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بێ دەنگی شکاند و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سیاسی عێراق ڕەت دەکاتەوە
دوای ناڕەزەیاتییەکان و خۆپیشاندانی لایەنگرانی نووری مالیکی دژی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بێ دەنگی شکاند و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سیاسی عێراق ڕەت دەکاتەوە.
کەمێک پێش ئێستا، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی نووری مالیکی بڵاویکردەوە، هەر شێوازێکی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سیاسیی عێراق ڕەت دەکەنەوە، پرسە ناوخۆییەکانی عێراق بابەتێکی سەروەریی تەواوە و تەنها عێراقییەکان خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن.
ترەمپ نایەوێت دووبارە نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران و سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێت: "لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا پشت بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە دەبەستێت کە لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا بەڕێوەچوو و تێیدا عێراقییەکان و هێزە سیاسییە براوەکان بەشدارییەکی بەرفراوانیان تێدا کرد".
لە وەڵامی هەڕەشەکانی بڕینی هاوکاری ئەمریکا سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژە بە، پەیوەندییەکان دەدات کە لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلان بێت.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا، کاندیدبوونی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەت کردەوە، بەم هۆیەوە شەقامی گشتی بەغدا کەوتە بەر لێشاوی ناڕەزایەتی لایەنگرانی مالیکی و بەدروشم وەڵامی سەرۆکی ئەمریکایان دایەوە، هاوکات چوارچێوە هەماهەنگی سوورە لەسەر کاندیدبوونی مالیکی.