لیندسی گراهام و ڕیچارد بلۆمێنتال پرۆژە یاسای پاراستنی کوردیان پێشکەشی کۆنگرێس کرد
بەفەرمی پڕۆژە یاسای پاراستنی کورد پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کرا
لیندسی گراهام لەگەڵ ڕیچارد بلۆمێنتال، بەڵێنەکەی خۆی بەرامبەر کوردان جێبەجێ کرد و لەگەڵ سیناتۆرێکی دیکەی کۆمارییەکان بەفەرمی پڕۆژە یاسای پاراستنی کوردانیان پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد.
کەمێک پێش ئێستا، لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسایەکە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە دووبارەبووەکان و بەردەوامەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، ئەم یاسایە سزای دارایی و سیاسی لەسەر بەرپرسانی حکومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر لایەنێکی دەرەکی کە پشتگیری سەربازی یان دارایی لەگەڵ حکومەتی سووریا ئەنجام بدات دەسەپێنێت.
لیندسی گراهام لەسەر پشتگیریکردنی کورد لە سووریا دەڵێت: "باوەڕم وایە پاراستنی کوردان لە سووریا و دەرەوەی سووریا پێویستە، چونکە ئەوان هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمریکا بوون. هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێکی سەرەکی بوون تێکشکاندنی داعش".
سەبارەت بە بێ دەنگبوونی ئەمریکا ئەم سیناتۆرە ئاماژەی بەوە دا، دەزانێت سووریا لە ڕووی کەلتووری، نەتەوەیی و سیاسییەوە زۆر ئاڵۆزە، بەڵام هێرشکردن بۆ سەر کوردان بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەی ئەمریکا لاواز دەکات.
پڕۆژە یاسای پاراستنی کوردان پێکدێت لەم چەند خاڵەی خوارەوە:
•سەپاندنی سزای دارایی و سیاسی لەسەر بەرپرسانی حکومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر لایەنێکی دەرەکی کە پشتگیری سەربازی یان دارایی حکومەتی سووریا بکات.
•دانپێدانان بە ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بۆ هاوکاریان لەگەڵ ئەمریکا لە تێکشکاندنی داعش.
•دووبارە دانانەوەی (ھەییەی تەحریر شام ) وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی.
•داواکاری پێداچوونەوەی کۆنگرەس بۆ هەر هەنگاوێک بۆ لابردنی ناونیشانی «دەوڵەتی پشتگیر تیرۆریزم» لەسەر سووریا.
•پێدانی دەسەڵات بە سەرۆک بۆ ڕاگرتنی سزاکان، بە مەرجی ئەوەی بە کۆنگرەس پشتڕاست بکاتەوە کە حکومەتی سووریا هەموو هێرشەکانی دژ بە هەسەدە و هاوبەشەکانی وەستاندووە.
•ڕێکخستنەوەی ماددەی "گەڕاندنەوەی خێرا" کە سەرۆک پابەند دەکات هەموو سزاکان دەستبەجێ بگەڕێنێتەوە ئەگەر حکومەتی سووریا دووبارە هێرش دەستپێبکات دژ بە هەسەدە یان هاوبەشەکانیان.