حکومەتی هەرێم: دەبێت بەغدا 384 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتە گەلی کوردستان
حکومەتی هەرێم خەمڵاندنی بۆ زیانی تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق لەنێوان ساڵانی (1963-2003) کردووە و داوای قەرەبوو دەکاتەوە.
حکومەتی هەرێم داتای تایبەت بە ڕێژەی ئەو زیانانەی بەر گەلی کوردستان لەلایەن حکمەتی عێراقەوە کەوتوون، بڵاوکردەوە و تێیدا بە ملیارەها دۆلار دەخەملێندرێن.
ئەمڕۆ پێجشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە گوێرەی داتای تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە نێوان ساڵانی 1963 - 2003 بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، قەبارەی زیانە داراییەکان گەیشتوون بە 384 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، زیانی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق بەرامبەر بە کورد بەمشێوەیەن:
- زیانە مرۆییەکان: بە 306 ملیار دۆلار خەملێندراوە.
- زیانە ماددییەکان: بڕی 32.8 ملیار دۆلار زیانی ماددی بە ژێرخان و ماڵ و سامانی هاووڵاتییان کەوتووە.
- زیانە ژینگەییەکان: 5 ملیار دۆلار.
- زیانە ژینگەیی و ناڕاستەوخۆکان: 10 ملیار دۆلار.
- 4- پشتگوێخستنی بەئەنقەست و دووبارە ئاوەدانکردنەوە: 35 ملیار دۆلار.
لە کۆتاییدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم جەختی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ساڵی 2019 داوای لە حکومەتی عیراق کردووە، بەگوێرەی دەستوور قەرەبووی زیانلێکەوتووەکانی کوردستان بکاتەوە.