پایتەخت

قالیباف بۆ ترامپ: دەتوانیت شەڕ دەستپێبکەیت بەڵام ناتوانیت کۆتاییەکەی دیاری بکەیت

قالیباف بۆ ترامپ: دەتوانیت شەڕ دەستپێبکەیت بەڵام ناتوانیت کۆتاییەکەی دیاری بکەیت
کورتە

ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نیشاندا و هەڕەشەی کوشتنی هەزارەها سەربازی ئەمریکی دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە و هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ واشنتن، بەو مەرجەی دانوستانەکان "ڕاستگۆیانە" بن. بەڵام گومانی خۆی نیشان دا لەوەی ترامپ بەدوای دیالۆگی ڕاستەقینەدا بگەڕێت و گوتی: "پێناچێت ئەمە ئەو جۆرە گفتوگۆیە بێت کە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت، چونکە ئەو تەنها هەوڵدەدات ئیرادەی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت."

سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، محەمەد باقر قالیباف هۆشداری دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەریان، ئەوان بەشێوەیەک تۆڵە دەکەنەوە، کە ژیانی هەزارەها سەربازی ئەمریکی دەخەنە مەترسییەوە، "ترەمپ دەتوانێت جەنگ دەستپێبکات، بەڵام کۆتایی هێنان بە جەنگ لە دەستی ئەودا نییە."

قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای هەڕەشەکانی ترەمپ دێت، کە دوێنێ شەو ڕایگەیاند، هێزێکی دەریایی "مەزن" بەرەو ئێران دەچێت. هێزەکە بە سەرکردایەتی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" هەروەک ڤەنزوێلا توانای هەیە بە خێرایی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، بە خێرایی و تووندوتیژییەوە، ئەگەر پێویست بێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی هۆشدارییەکی تووندی دایە ئێران و گوتی: "وەک چۆن پێشتر بە ئێرانم گوت، رێککەوتن بکەن! ئەوان نەیانکرد و 'ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو' روویدا، کە وێرانکارییەکی گەورەی بۆسەر ئێران بەدواداهات. هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت! مەهێڵن ئەوە دووبارە رووبداتەوە."

29 کانونی دووەم 2026 10:01
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026