سووریا ماکیاژ قەدەغە دەکات
بەهۆی ناڕەزایی هاووڵاتییان، پارێزگای لازقیەی سووریا لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی ماکیاژ ڕوونکردنەوە دەدات.
هاوشێوەی حکومەتی تاڵیبان، سووریا دەست بە سنووردارکردنی ئازادی ئافرەتان دەکات.
دوینێ سێشەممە، پارێزگاری لازقییەی کۆماری عەرەبیی سووریا، بە نووسراوێکی فەرمی هەموو فەرمانبەرە ئافرەتەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکان و دامەزراوە و کۆمپانیاکانی تەواوی سنووری پارێزگاکە ئاگادار کردەوە، لە کاتی دەوامی فەرمیدا بە هەموو شێوەیەک ماکیاژ قەدەغەیە.
ئەم بڕیارە دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئەنجامدا پارێزگای لازقیە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە، ئەم بڕیارە بۆ سنوورداکردن و فشارخستنەسەر هیچ لایەن و گرووپێک نییە، نە دەستوەردانە لە ئازادییە کەسییەکان، کە بە دەستوور و یاسا پشتگیریان لێدەکرێت.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ مەبەستیان قەدەغەکردنی هیچ شتێک نییە، بەڵکو تەنیا هەوڵی ڕێکخستنی سەروسیمای کارمەند و فەرمانبەران دەدەن، تا ڕێگری لە زیادەڕۆیی بەکارهێننای ماکیاژ بکەن. بە شێوەیەک کە هاوسەنگی دروست بکات لە نێوان ئازادیی کەسی و پێداویستییەکانی ژینگەی کارکردنی فەرمی.
لە کۆتاییدا پارێزگای هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، ئەوان بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ تێبینییەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن لە هەر لێکتێگەنەگەیشتنێک یان جێبەجێکردندا ڕوونکردنەوە دەدەن، تا هاوسەنگی نێوان پێداویستییەکانی پابەندبوونی کارکردن و ئارامی کارمەندان بدۆزنەوە.