پایتەخت

دەوڵەتی یاسا: دەستبەرداری مالیکی نابین

دەوڵەتی یاسا: دەستبەرداری مالیکی نابین
کورتە

ئەحمەد ئەلموبەرقەع، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و کەسایەتی نزیک لە مالیکی وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە.

دەوڵەتی یاسا لەسەر لێدوانێکی ترەمپ لەبارەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتە دەنگ.

ئەحمەد ئەلموبەرقەع، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و کەسایەتی نزیک لە مالیکی ڕایگەیاند: "مالیکی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنێت کە سەرکردەی ڕاستەقینەیە لە سەردەمی سەرکردەی دروستکراودا، بۆیەش دەستبەردارت نابین و مالیکی هەڵبژاردە دروستەکەیە".

لەلایەکی دیکەوە، عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، چوارچێوەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی لێدوانەکەی ترەمپسەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی نووری مالیک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران. دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە."

ترەمپ لە درێژەی پۆستەکەیەدا نووسی:"نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە. بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانی، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات."

28 کانونی دووەم 2026 09:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026