راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق: دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوانەخراوە
راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕەتی دەکاتەوە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دواخرا بێت.
بەگوێرەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و هیچ بڕیارێکی فەرمیی بۆ گۆڕینی وادەکەی دەرنەچووە، واتە هەر کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ دەکرێت.
ئەگەری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە: لەلایەک لایەنە کوردییەکان تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتوون، پارتی د. فواد حوسێن و یەکێتیش نزار ئامیدی هەڵبژاردووە.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە لایەنە سوننەکان وەک کاردانەوەیەک دژی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، هەڕەشەی بایکۆت دەکەن.
بەگوێرەی مادەی 70ـی دەستووری عێراق، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێت، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەر کامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆمار.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دواخراوە.