وەزارەتی پەروەردەی سووریا: هەفتانە دوو وانەی زمانی كوردی دەخوێندرێت
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سووریا ڕێنمایی تایبەت بە خوێندنی زمانی كوردی دەركرد
دوای دەرکەوتنی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع لەبارەی داننان بە زمانی کوردی، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سووریا ڕێنمایی تایبەت بە خوێندنی زمانی كوردی دەركرد.
وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی سووریا رێنمایی تایبەتی بۆ جێبەجێكردنی مەرسوومی ژمارە (13)ـی 2026ـی سەرۆکی سووریا دەركرد، کە بەمشێوەیەیەی خوارەوەیە:
-ئامادەكردنی پرۆگرامی تایبەت بە خوێندنی زمانی كوردی بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن لە 6 مانگ تێپەڕنەكات.
-فەرامكردنی كارمەندی پەروەردەیی بۆ زمانی كوردی لەسەر میلاك یاخود لە دەرەوەی میلاك.
-ئەنجامدانی راهێنانی پەروەردەیی بەو كەسانەی كە دەبنە وانەبێژی زمانی كوردی.
-زمانی كوردی بە زمانێكی نیشتمانی ئەژمار دەكرێت، رێگەپێدراوە لە خوێندنگە حكومی و ناحکومییەکان، لەو ناوچانەی كە كورد تێیاندا زۆرینەیە.
-ماددەی زمانی كوردی ماددەیەكی ئارەزوومەندانە دەبێت بۆ ئەوانەی بیانەوێت بەم زمانە بخوێنن.
-لە هەموو پۆلەكاندا هەفتانە دوو وانەی زمانی كوردی دەخوێندرێت، بەڵام ئەنجامی دەرچوون یاخود كەوتنی لەسەر ئەژمار ناكرێت.
-بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگاكان رادەسپێردرێن بە دیاریكردنی ئەو خوێندنگانەی كە زمانی كوردییان تێدا دەخوێندرێت.