وەزارەتی ناوخۆ: بە بێ ڕەزامەندی پێشوەختە هیچ کەس و لایەنێک کۆمەک نەباتە سەر سنوور
ئاگادارییەک لە وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە ناردی هاوکاری بۆ ڕۆژئاڤا
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان کۆمەک و هاوکاری بۆ ڕۆژئاڤا کۆدەکرێتەوە، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بە وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ سەر سنوور دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە 22ـی 1ـی 2026، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری مرۆیی بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان، هەر بۆیە هەڵمەتی گەورە لە هەموو کوردستان دەستی پێکردووە و بڕی زۆر پاڵپشتی و شتومەکی جۆراوجۆر کۆکرانەوە.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە خێرخوازان دەکات، بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی دەستی هاوکاری بە هەمان ئەو میکانیزمەی داندراوە و هیچ کەس و لایەنێک کەلوپەل وکۆمەک نەباتە سنوور لەبەر ئەوەی پێویستی بەئامادەکاری و رەزامەندی پيشوەختە هەیە.
بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ڕاسپاردووە کە رێکخستن و پۆلێنکردنی کەلوپەلەکان و گەیاندن و گواستنەوەیان بۆ رۆژئاڤا لە ئەستۆ دەگرن، بە هاووڵاتییان ڕادەگەیدنێت، کە سەردانیان بکەن و بەو میکانیزمەی داندراوە کۆمەک و پاڵپشتی بگوازنەوە رۆژئاڤا.