پایتەخت

ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی هەسەدە لەسەر دۆخی کۆبانێ

ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی هەسەدە لەسەر دۆخی کۆبانێ
کورتە

بە گوێرەی راگەیەنراوێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ئاگربەستیان پێشێل کردووە.

لە ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانی لەژێر دەستی داعش، شارەکە دووبارە ڕووبەڕووی هێرش و گەمارۆ بوویەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، لە بەرەبەیانی کاتژمێر 2:00ـی ئەمڕۆوە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە چەندین لاوە شارۆچکەکانی خەراب، عەشک و جەلەبیا، کە دەکەونە باشووری شاری کۆبانێ تۆپباران دەکەن.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی سەر بە دیمەشق ڕوویداوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، گرووپە هێرشکارەکان بەردەوامن لە هێنانی هێزی پشتیوانی زیاتر، لەوانە تانک و زرێپۆش. هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

هەسەدە ئەم هێرشانە بە "پێشێلکردنی ئاشكرای ئاگربەست" لە قەڵەم دەدات، کە دوای تێپەڕبوونی تەنیا دوو ڕۆژ لە جێبەجێکردنی ڕوویاندا. ئەمەش بە بڕوای هەسەدە، "پابەند نەبوونی دیمەشق بە بەڵێنەکانی و بەردەوامبوونی لە سیاسەتی پەرەسەندنی سەربازی و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا" پشتڕاست دەکاتەوە.

لە 24-1-2026 ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دوو سەرچاوەی سووری ڕایگەیاند، بڕیاربوو ئاگربەستی ڕۆژئاڤا و سووریا لەم ڕێککەوتە کۆتایی بێت، بەڵام ئاگربەستەکە بۆ ماوەی مانگێک درێژکرایەوە.

26 کانونی دووەم 2026 11:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026