قومار ماڵی بافڵ تاڵەبانی کاول کرد
ئاگات لە حەیاچوونەکەی بافڵ تاڵەبانی هەیە؟!
دیسانەوە قومار ماڵی بافڵ تاڵەبانی کاول کرد و خەزێنەکەی یەکێتیشی بەتاڵ کرد، بەڵام ئەمجارە ژمارەکە زۆر گەورەترە لە جارەکانی پێشوو، بەوپێیەی ڕێژەی زیانەکەی ئەمجارەی بافڵ تاڵەبانی لەو قومارەی کە کردوویەتی 31 ملیۆن دۆلارە.
لە دواین سەردانی بۆ ئەمریکا و لاس ڤێگاس، بافڵ تاڵەبانی لە گازینۆیەکی ناوداری ئەو شارە ملیۆنان دۆلار دەدۆڕێنێت.
دوای ئەوەی پۆلیسی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ناردنی حەواڵەیەکی نایاسایی پارە بۆ هەژمارێکی بانکیی کەسێکی بیانی ئاگادار دەکرێتەوە، بەدواداچوونەکان دەستپێدەکات، لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەریدەخات، هەژمارێکی بانکی لە ئەمریکا بەشێوەی نایاسایی و بە حەواڵەیەکی بیانی بڕی 31 ملیۆن دۆلاری خراوەتە سەر، بەدواداچوونی زیاتر ئاشکرای دەکات، هەژمارەکە بەناوی بافڵ جەلال تاڵەبانییە و بڕی 200 ملیۆن دۆلاریشی لەسەرە، بەڵام ئەو 31 ملیۆن دۆلارەی بە نایاسایی نێردرابوو، بە یەک شەو و لە بێلاجیۆ کازینۆ لە لاس ڤێگاسی ئەمریکا، لە یەک قوماردا دۆڕاندووە.
دوای ئەو زانیارییانە پۆلیسی خەزێنەی ئەمریکا دەستبەجێ هەژمارەکەی بافڵ تاڵەبانیی بلۆک کردووە، چونکە ئەو شێوازە لە ناردنی پارە و بەکارهێنانی، بە سپیکردنەوە دێتە ئەژمار و پۆلیس بۆ بەرگریکردن لە هەر جۆرە تاوانێک، هەژمارەکە بلۆک دەکات، لەئێستاشدا ئەو هەژمارەی بافڵ تاڵەبانی کە بلۆک کراوە، بڕی 200 ملیۆن دۆلار پارەی لەسەرە و حکومەتی ئەمریکا دەستی بەسەردا گرتووە.
بافڵ تاڵەبانی ڕابردوو و مێژوویەکی ڕەنگینی لە دۆڕاندنی پارەی خەیاڵی لە قوماردا هەیە، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو ناوێکی ناسراوی لە لیستی ئەو کەسانەدا هەیە کە ئەکاونت و هەژمارە بانکییەکانیان لە وڵاتان بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و قومارکردنەوە بلۆک کراوە، هەر دوا نموونەش بلۆک کردنی هەژمارێکی بوو کە 12 ملیۆن دۆلاری لەسەر بوو و لەلایەن حکومەتی ئیماراتەوە دەستی بەسەردا گیرا.
لە بنەماڵەی تاڵەبانیدا تەنیا بافڵ نییە کە قومار دەکات و پارە سپی دەکاتەوە، بەڵکو قوباد تاڵەبانیی براشی لەڕێگەی ڕێکخراوەکانییەوە پارە دەباتە دەرەوە و کەس نازانێت ئەم پارەیە بۆ کوێ دەچێت.