سەرۆک بارزانی و ئەمیری قەتەر قسەیان کرد
سەرۆک بارزانی و ئەمیری قەتەر لەسەر شەڕی سووریا و ڕۆژئاڤا قسەیان کرد
هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕتربووەتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمیری قەتەر قسەیان کرد.
کەمێک پێش ئێستا، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆك بارزانی و شێخ تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر ئەنجام درا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش كرایەوە.
بارەگای بارزانی جەختی لەوەکردەوە، هەرودوولا هاوڕابوون كە پێویستە شەڕ و و پێكدادانەكان ڕابگیرێت و ڕێگە لەوە بگیرێت كە شەڕی نێوان عەرەب و كورد ڕوو بدات و كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆکردن و لێكتێگەیشتن و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.