سەرۆک بارزانی: نابێت لە سووریا ببێت بە شەڕی عەرەب و کورد
سەرۆک بارزانی و پاپای ڤاتیکان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پرسی ڕۆژئاڤایان تاوتوێ کرد.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی و گرژییەکانی سووریا و ڕۆژئاڤا، سەرۆک بارزانی داوایەکی گرنگی لە بەرژەوەندی کوردان ئاڕاستەی سەرۆکی سووریا کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک بارزانی بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ کوردستان، سەردانی وڵاتی ئیتاڵیای کرد و لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کۆبوویەوە.
کەمێک پێش ئێستا، سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "داوامان لە پاپای ڤاتیکان کرد، بە هێزی مەعنەوی خۆی پشتیوانی کوردانی رۆژئاڤای کوردستان بکات".
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختی لەوەکردەوە: "داوام لێکردووە نەبێتە شەڕی کورد و عەرەب و تەعەدا لە کورد نەکرێت، هاوکات بە گفتوگۆ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن".
بەگووتەی سەرۆک بارزانی، پێویستە وڵاتانی جیهان رێگری بکەن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، هەرچیان لەدەست بێت بۆ پشتیوانیکردنی کوردان، دەیکەن.
ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا لەکاتێکدایە، کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە هەموو جیهان گردبوونەوە دژی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان ئەنجام دەدەن.