پەیامی خێرا لە سەرۆک بارزانییەوە
سەرۆک بارزانی: هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاڤا تووشی كارەسات نەبنەوە
پەیامی پشتیوانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان بڵاوکرایەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە، پێویستە دەستبەجێ شەڕ و پێکدادان ڕابگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەك بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە ڕەفتار بكات و وای لێ نێت زیان بە خوشك و برایانان لە ڕۆژئاوا بگات و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ و بەردەوامین كە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا تووشی كارەسات و نەهامەتی نەبن و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئارادایە كە خۆیەلەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جددییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە".
سەرۆک بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەكات، كە بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێن و ئاگربەسێكی سەرتاسەری ڕابگەینرێت.