کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: سەردانی عێراق مەکەن
لە ترسی دروستبوونی توندوتیژی و ئاستەنگی هاتووچۆ، کۆنسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هۆشداری لە خۆپیشاندانەکانی بەردەم بارەگاکەیان دەدات و دەڵێت: "نزیک مەبنەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆنسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەنەوە، ئەمڕۆ لەبەردەم کۆنسوڵخانەکەیان خۆپیشاندان لەسەر پرسی ڕۆژئاڤا دەستپێدەکات و داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن، بە هیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن و ئەوانەشی لێرەن، لە خۆپیشاندانەکان نزیک نەبنەوە.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا هۆشداری زیاتر دەدات و دەڵێت، ئەم خۆپیشاندانانە ئەگەری هەیە بە خێرایی توندوتیژییان لێبکەوێتەوە، ئاستەنگی هاتووچۆ و هۆیەکانی دیکەی گواستنەوە دروست بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوێنێوە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان خەڵك خۆپیشاندن دەکەن لە دژی هێرشەکانی سووپای سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان، لە بەربەیانی ئەمڕۆشەوە کوردانی باشوور بە کۆمەڵ لە ڕێگەی پاسەوە دەچنە ڕۆژئاڤا و هەوڵی بەزاندنی سنوورەکان دەکەن.