سەرەڕای ئاگربەست هێرشەکانی سووپای سووریا بۆ سەر هەسەدە بەردەوامن
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستا شەڕێکی توند لە دەورووبەری زیندانی تەقتان و چەند ناوچەیەکی دیکە بەردەوامە.
هەسەدە هۆشداری لە دروستبوونی گرژییەکی مەترسیدار لە دەوروبەری زیندانێکی چەکدارانی داعش دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستادا شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانیان و سوپای سووریا لە دەورووبەری زیندانی "ئەلئەقتان" لە شاری ڕەقە هەن، ئەو زیندانەی کە دەستگیرکراوەکانی داعشی تێدایە.
لەلایەکی دیکەوە و هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، هێزەکانی سوپای سووریا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانیان لە عەین عیسا، شەدادی و ڕەقە.
لەسەر ئەم هێرشانە هەسەدە هۆشداری دەدات و جەخت دەکاتەوە، لایەنی هێرشکار بە بەرپرس لە هەر ئەنجام و پێشهاتێک دەزانن کە رووبدات، ئەو ڕاستیانە دەخەنە بەردەم ڕای گشتی و دەستدرێژکاران بە تەواوی بەرپرسیاریان دەکەن لە هەر دەرئەنجامێکی کارەساتبار، کە ڕەنگە لە ئەنجامی بەردەوامی ئەم هێرشانەدا ڕووبدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، دوای شەڕێکی سەخت لە نێوان چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، ڕێککەوتنی ئاگربەست کرا و بڕیار درا هێزەکانی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن.