ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: تەنیا هێز بەلای ئەمریکاوە گرینگە نەک یاسای نێودەوڵەتی
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی ڕەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە، کە گوایە دەستیان لە ڕاگرتنی جەنگ نەبووە.
لەسەر دواین پێشهاتەکانی ڤەنزوێلا و هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە گرینلاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئامانجی ئەمریکا ئاشكرا دەکات.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ڕایگەیاند، بە بڕوای واشنتن چارەسەری "چەند لایەنە" گرینگ نییە، ئەوەی بەلایانەوە گرینگە بریتییە لە سەپاندنی و هێز و دەسەڵاتی ئەمریکا، هەندێک جاریش دەیانەوێت هەر لە ڕێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ئەم ئامانجە بەدی بهێنن.
ئەم قسانەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای نزیکەی سێ هەفتە لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتی ڤەنزوێلا، دەستیگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە و دواتریش ڕاپێچکردنی بۆ دادگە لە نیو یۆرک دێت، ئەمە جگە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ لەخۆگرتنی گرینلاند وەک بەشێک لە ئەمریکا.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز جەختی لەو پرەنسیپانە کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر دامەزراوە و ئاماژەی بە یەکسانی ئەندامەکانی دا، کە نەکەوتوونەتە ژێر هەڕەشە.
ترەمپ پێشووتر ڕەخنەی تووندی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرتبوو و لە دواین کۆبوونەوەی گشتی سێپتێپمبەری ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسیاری لە ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە خۆی (ترەمپ) "7 جەنگی مەحاڵی کۆتایی پێهێنا"، کەچی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ یارمەتییەکان نەداوە.