ڕێککەوتن لە نێوان هەسەدە و سووریا کرا
رێککەوتننامەی ئاگربەست و یەکخستنی تەواوەتی لە سووریا جێبەجێ دەکرێت
دوای شەڕێکی سەخت لە نێوان چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، ڕێککەوتن کرا و شەڕ ڕادەگیرێت.
کەمێک پێش ئێستا، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەقی رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕێککەوتنەکە:
1- ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکانی جەنگ و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ کشانەوەی سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوە.
2- ڕادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی کارگێڕی و سەربازیی پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەقە بۆ حکومەتی سووریا، ئەمە گواستنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرچوونی دەستبەجێی مەرسوومەکان بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتی سووریا.
3- یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانی.
4- حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگە گازییەکانی ناوچەکە دەگرێتە دەست، پاراستنیان لەلایەن هێزە فەرمییەکانەوە مسۆگەر دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.
5- یەکخستنی تەواوەتی هەموو کارمەندە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا لەسەر بنەمای "تاکەکەسی" دوای ئەنجامدانی پشکنینی ئەمنی پێویست، و پێدانی پلەی سەربازی، شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان بەپێی ئەوە.
6- سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو نەکاتە ناو ڕیزەکانی خۆی، و لیستێک لەو ئەفسەرانەی پاشماوەی ڕژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریان، پێشکەش بکات.
7- دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداری سیاسی و نوێنەرایەتی خۆجێی.
8- لابردنی بوونی سەربازیی قورس لە شاری عەین ئەلعەرەب (کۆبانێ)، و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە دانیشتووانی شارەکە، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی خۆجێی کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا بێت.
9- یەکخستنی ئەو کارگێڕییەی بەرپرسە لە مەلەفی زیندانیانی داعش و کەمپەکان، هەروەها ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم دامەزراوانە، لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ ئەوەی حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوی یاسایی و ئەمنییان بگرێتە ئەستۆ.
10- پەسەندکردنی لیستێکی پاڵێوراوان کە لەلایەن سەرکردایەتی هەسەدەوە پێشکەش دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی ناوەندی دەوڵەتدا بۆ مسۆگەرکردنی شەراکەتی نیشتمانی.
11- پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە دان بە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورددا دەنێت و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ماف و مەدەنی دەکات—لەوانە کەسانی بێ ناسنامە (بێ وڵات) و داواکارییەکانی مافی موڵکداری کە لە دەیەکانی ڕابردووەوە کۆبوونەتەوە.
12- هەسەدە پابەند دەبێت بە دوورخستنەوەی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسیۆرییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبی سووریا بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری و سەقامگیری ناوچەیی.
13- دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
14- کارکردن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی دانیشتوانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.