هەڵەی بەنزینخانەیەک نزیک بوویەوە لە کارەسات
دوای ئەوەی بەنزینخانەی گەل لە هەولێر، لە جیاتی نەوت، بەنزینی بەسەر هاووڵاتییان دابەش کرد، لەلایەن لێژنەی نەوت و کانزاکانی هەولێر داخرا.
هەڵەی بەنزینخانەیەکی شاری هەولێر ژیانی دەیان خێزانی خستە مەترسییەوە، بەگووتەی هاووڵاتییەک، دابەشکردنی بەنزین لەبری نەوت کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە سالار محهممهد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر به پایتهخت میدیای ڕاگهیاند، بەهۆی هەڵەی کارمەندەکانی بەنزینخانەی گەل لەبری نەوت، بەنزین بەسەر هاووڵاتییان دابەشکراوە، بەم هۆیەوە ئەو هاووڵاتییانەی بەنزینیان وەرگرتبوو ئاگادارکرانەوە و بەنزیکە گەڕێندرایەوە.
بەیانی ئەمڕۆ لە بەنزینخانەی گەل لە شاری هەولێر، بەنزین لەبری نەوت بەسەر 11 هاووڵاتیی دابەشکراوە، ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووە.
سالار محهممهد ئاماژەی بەوە دا، لێژنەی بەدواداچوون بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی دابەشکردنی نەوت لەم بەنزینخانەیە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ لایەنی کەمتەرخەم ئەنجام دەدرێت.
هاووڵاتییەک لە بەنزینخانەکە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەم ڕووداوە هەڵەی کارمەندان و شۆفێری تانکەرەکانە، هاووڵاتییان نزیک بوون لە کارەساتی مرۆیی.
لە ڕۆژی شەممە 17ـی 1ـی 2026، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شاری هەولێر دابەشکرا، هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی بە 31 هەزار دینار پێدەدرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ماوەی 3 مانگە دەستی بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە.