پایتەخت

بەهۆی شەڕەوە ڕەققە بێ ئاو بووە

بەهۆی شەڕەوە ڕەققە بێ ئاو بووە
کورتە

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆنترۆڵکردنی ڕەققە لەلایەن سووپای سووریاوە، بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ڕەققە ڕایگەیاند، ئاوی خواردنەوەی شارەکە بە تەواوی پچڕاوە.

شەڕ و پێکدادانەکانی هەسەدە و سووپای سووریا لە ڕەققە، زیانی بە بۆڕی ئاوی شارەکە گەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ڕەققە بڵاویکردەوە، لە شاری ڕەققە ئاوی خواردنەوەی بە تەواوی پچڕاوە، ئەمەش دوای تەقینەوەی بۆڕییە سەرەکییەکانی ئاو بەهۆی بۆمبارانی هێزەکانی سووریای دیمووکراتەوە (هەسەدە)، زیانیان پێگەیشتووە و لە کار کەوتوون.

هەر بە گوێرەی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ڕەققە، سووپای سووریا پردی تازە دروستکراوی "ڕەشید"ـی لەسەر ڕووباری فورات لە شاری ڕەققە تەقاندەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو دەنگۆی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی مه‌نسوڕه‌، تەبقە و ڕەققە لەلایەن هێزەکانی سووپای سووریا بڵاوبوویەوە، بەڵام هێزەکانی هەسەدە ئەم دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە و ڤیدیۆیی خۆیان لە کاتی شەڕ و دوای تێکشکاندنی هێزی سووپای سووریایان بڵاوکردەوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەکدارانی “حکومەتی کاتی”ـیان لە ناو جەرگەی شاری تەبقە کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، هەر دوێنێ ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەی سەربازیی ئەمریکا (سێنتكۆم) له‌ تۆڕی ئێكس داوای کرد، هێزەکانی حکومەتی سووریا له‌ ناوچه‌كانی نێوان حه‌له‌ب و ته‌بقا بكشێنه‌وه‌، واز له‌ هێرشكردن بێنن و جه‌نگ له‌ ته‌واوی سووریا بوه‌ستێنن.

18 کانونی دووەم 2026 09:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026