زمانی کوردی دەخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی سووریا
ئەحمەد شەرع زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی سووریا ناساند و پڕۆگرامی خوێندنیش لە وڵاتەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
دوای دەرکردنی مەرسوومێک لەلایەن سەرۆکی سووریا بۆ دانپێدانان بە مافەکانی کورد، وەزیری پەروەردەی وڵاتەکە زمانی کوردی وەک بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکاندا ناساند.
محەممەد رەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا ڕایگەیاند، بەگوێرەی مەرسوومی ژمارە 13ـی 2026، زمانی کوردی وەک بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکاندا پەسەند کرا. ئەمەش نیشانەیەکی گرینگی نەتەوەیییە، ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی سووریایە بۆ بنیادنانی یەکگرتوویی وڵاتەکە لەسەر هەمەچەشنی خەڵک، ڕێزگرتن لە کولتوور و ناسنامەی زمانەوانی.
محەممەد رەحمان تورکۆ لە بارەی گرنگی ئەم بڕیارە ئاماژەی بەوەکردووە، زیادکردنی زمانی کوردی لە نێو پڕۆگرامی خوێندنی وڵاتەکە هەنگاوێکی مێژووی گرینگە بۆ چەسپاندنی مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون و بەهێزکردنی مافە کولتوورییەکانی هاووڵاتییانی کورد وەکو بەشێک ڕەسەنی کۆمەڵگەی سووریا.
وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە، وەزارەتەکەیان بە زووترین کات دەست بە داڕشتنی ڕێنماییەکان و بڕیارە یاساییەکان دەکات، کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دڵنیایی دەدات لە دەستبەجێ جێبەجێکردنی.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو ئەحمەد شەرع دانی نا بەوەی، کورد بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان، ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی و دیاریکردنی ڕۆژی نەورۆز وەک پشووی فەرمی لە سەرتاسەری سووریا.