هەسەدە: دیمەشق مەرجەکانی ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانمانیان پێشێل کرد
دوای دەرکردنی مەرسووم و ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، شەڕ و پێکدادان دروستبوویەوە.
هێزەکانی سوپای سووریا ڕێکەوتنیان شکاند و گرژی و ئاڵۆزی لە دوو شارۆچکەی سووریا دروستبوویەوە.
ئەمڕۆ شەممە هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەر لەوەی لە شارۆچکەکانی دێرحافر و مەسکەنە لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب بکشێنەوە، سوپای سووریا هاتوونەتە پێشەوە، بەمەش ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدەیان بە بانگەوازی وڵاتانی ناوبژیوان لە حەلەب بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات پێشێل کردووە.
بە گووتەی هەسەدە، "لە ئەنجامی ئەم پێشێلکارییە، ژمارەیەک شەڕڤان بوونەتە قوربانی"، بۆیە هۆشداری لە دروستبوونی دۆخێکی مەترسیدار دەدەن و داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکەن، کە پشتیوان و نێوەندگیری ڕێککەوتنەکە دەکەن، بە زووترین کات دەستوەردان بکەن تا دڵنایی لە جێبەجێکردنی بدەن.
ئەم بەیاننامەی هەسەدە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو مەزڵووم عەبدی بڕیاریدا بە پشت بەستن بە بانگەوازی وڵاتانی ناوبژیوان، هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب بکشێننەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات.
کەمێک بەر لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی دوینێی شەوی هەسەدە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد و تێیدا و دانی بەوەدا نا کە کورد: "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.