پایتەخت

مارک ساڤایا گەیشتە هەولێر

مارک ساڤایا گەیشتە هەولێر
کورتە

دوای دەرکردنی مەرسوومێک لەلایەن ئەحمەد شەرع و کشانەی هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، مارک ساڤایا، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق گەیشتە هەولێر

تا دێت چالاکییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن و نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق گەیشتە هەولێر.

پێگەی شەفەق نیوز بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ مارک ساڤایا، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر. ئەمەش وەک بەشێک لە چالاکییەکی فراوانتری دیپلۆماسی ئەمریکا لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق.

سەردانەکەی مارک ساڤایا لە کاتێکدایە، وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەولێر کۆببنەوە؛ ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵێکی هاوئاهەنگیکراوی ئەمریکادایە بە ئامانجی رێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادانی سەرتاسەری لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا فەرمانێكی لە بەرژەوەندی کوردانی ڕۆژئاوا دەرکرد و دانی بەوەدا نا کە کورد: "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.

دوای ئەم بڕیارەی ئەحمەد شەرع، مەزڵووم عەبدی بڕیاریدا بە پشت بەستن بە بانگەوازی وڵاتانی ناوبژیوان، هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب بکشێننەوە بۆ ڕۆهەڵاتی فورات.

17 کانونی دووەم 2026 09:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026